هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی کردەوە که ئاسایش و ئابووری دوو چەمکی لێک دانەبڕاون و ڕاشیگەیاند که بەغدا کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن لە مۆدێلی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەستەبەرکردنی بازاڕێکی هاوبەش و تەواوکاریی ئابووری لە نێوان عێراق، وڵاتانی کەنداو، تورکیا، ئێران و سووریادا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن لە میانی گوتارێکیدا لە ئاهەنگێکدا که یەکێتیی ئەوروپا بە بۆنەی هاوبەشی و دۆستایەتی لەگەڵ عێراق لە بەغدا ڕێکیخستبوو، ڕایگەیاند که ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و هێشتا سێبەری شەڕی بەسەرەوە ماوە، بۆیە دۆخەکە وا دەخوازێت پێکەوە کار بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاشتیی بەردەوام بکرێت.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش دا که عێراق بیرۆکەی کۆبوونەوەی بە شێوازی (6+2) خستووەتەڕوو و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە، هاوکات پێشوازی لە کۆبوونەوەی ئەم دوایییەی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککە لەگەڵ ئێران لە تاران کرد.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، فوئاد حوسێن ڕوونی کردەوە کە چەمکی ئاسایشی هەرێمی بە واتای کارکردن لە دابڕاندا نایەت لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، چونکە هێنانەدی ئاسایش پێویستی بە ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە.
سەبارەت بە ڕوانگەی ئابووریش، وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە خاوەنی توانا و سامانی هەمەجۆرن، لە نەوت و گازەوە تاوەکو سامانی ئاو و زەویی کشتوکاڵی، بۆیە دیدگای بەغدا پشت بە بەهێزکردنی ئابووری لەگەڵ باشوور لە ڕێگەی کەنداوەوە و لەگەڵ باکوور لە ڕێگەی تورکیا، ئێران و سووریاوە دەبەستێت.