هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی فەڕەنسا و ململانێی واشنتۆن لەگەڵ تاران، و ڕایگەیاند کە پێشتر هۆشداریی بە ئیمانوێل ماکرۆن دابوو کە فەڕەنسا وێران دەکات، هەروەها بژاردەکانی وڵاتەکەشی لە بەرامبەر ئێراندا لە نێوان "ڕێککەوتن" یان "لەناوبردنی تەواوەتی"دا کورتکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی ئاشکرای کرد: "یەکەمجار کە چاوم بە ئیمانوێل ماکرۆن کەوت پێم وت: تۆ فەڕەنسا وێران دەکەیت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو پشێوی و قەیرانە قوڵەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی کۆچبەری و دەسەڵاتداریی پاریسەوە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە چارەنووسی ململانێ سەربازی و سیاسییەکانی واشنتۆن لەگەڵ تاران کرد و وتی: "ئێستا پرسیاری سەرەکیی من ئەوەیە کە ئایا لەگەڵ ئێرانییەکان بگەینە ڕێککەوتن یاخود بە تەواوەتی لەناویانببەین؟"
سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەش، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا ئێرانییەکان لەبارەی ناوەند و بنکە ئەتۆمییەکانیانەوە هیچ جووڵەیەکی گەورە ئەنجام نادەن، و هێزەکانی ئەمریکاش زۆر بە وردی چاودێریی جموجۆڵەکان و دۆخی مەیدانی دەکەن.