دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار لە ڕێگەی هەژماری منەوە دراوە بە مووچەخۆران

هەرێم نیوز
⠀
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی پڕۆژەی هەژماری من بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

⠀
 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامار و زانیارییەکانی پڕۆژەی هەژماری منی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
⠀
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆی گشتیی مووچەخۆرانی هەرێم یەک ملیۆن و ١٤٠ هەزار کەسە و لەو ژمارەیەش سەدا ٩٩یان تۆمارکراون و سەدا ٩٤یشیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
⠀
ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینار لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە دراوە بە مووچەخۆران و ٦٢ ملیار دیناریش لەناو هەژمارە بانکییەکاندا هێڵراوەتەوە.
⠀
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە زۆرترین ڕێژەی سوودمەندان لە پارێزگای هەولێرە بە ڕێژەی لە سەدا ٤١ و پاشان سلێمانی بە ڕێژەی لە سەدا ٣٦ دێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرجەم سوودمەندان دەتوانن بانکەکانیان بگۆڕن بۆ هەر بانکێکی دیکەی بەشداربوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP