هەرێم نیوز
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی نوێی سەبارەت بە ڕووداوی کوشتنی دوو برا لە شارۆچکەکە خستە ڕوو و ڕایگەیاند که تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.
ڕووداوەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ڕای گەیاند که شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ـی ئەم مانگە، لە نزیک پارکی ئاکرێ ڕووداوێکی کوشتن ڕووی دا کە تێیدا سێ برا بوونە ئامانج، کە دووانیان کوژران و یەکێکی دیکەیان بریندار بوو.
گوتیشی: "دوای ڕووداوەکە و لە هەمان شەودا، هێزەکانی پۆلیس توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە لە ڕووداوەکەدا بەشدار بوون، کە بریتین لە دوو کوڕ و برایەکی تۆمەتباری سەرەکی. هاوکات، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە، ئەمڕۆ تۆمەتباری سەرەکی خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد."
پلانی هێزە ئەمنییەکان و ڕەخنە لە سۆشیال میدیا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ڕەخنەی لە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیال میدیا گرت و گوتی: "بەداخەوە کەسی تۆمەتباری سەرەکییان وەک پاڵەوان دەناساند و بووبوونە هۆی تێکدانی پلانەکانی پۆلیس و ئاسایش، بۆیە داواکارین دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان."
هەروەها ئاشکرای کرد که پلانی پۆلیس و ئاسایش ئەوە بوو که تۆمەتبار بە دەستگیرکراوی و بە زیندوویی بپێکرێت بۆ ئەوەی هیچ کارەسات و زیانێکی دیکەی گیانی نەکەوێتەوە.
گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هاوکارانی تۆمەتبار
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند که بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ، هەر کەسێکی دیکە هاوکاریی تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکەی کردبێت، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.