دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی لە زانکۆی ئەمریکی: سامانی راستەقینەی وڵات نەوت نییە، بەڵکو عەقڵ و توانای گەنجانە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی ١٥ی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی (AUIS) رایگەیاند کە سامانی راستەقینەی وڵات نەوت و سەرچاوەکانی ژێر زەوی نییە، بەڵکو عەقڵ و توانای داهێنانی گەنجانە، هاوکات داوای لە دەرچووان کرد کە تەنیا چاوەڕێی دامەزراندن نەبن لەلایەن حکومەتەوە و خۆیان دەستپێشخەر بن.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 10ـی 10ـی 2026، بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نوێنەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا، ئاهەنگی دەرچوونی ٢٨٨ خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان و دەرچووان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نەوەی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە جیاوازەکانی ئەم سەردەمە.

 ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە عەقڵێکی سەربەخۆ، ڕەخنەگر و داهێنەر هەیە کە بتوانێت زانیارییەکان شیتەڵ بکات و جیاوازی لە نێوان ڕاستی و بانگەشەدا بکات، نەک تەنیا کۆکردنەوە و لەبەرکردنی زانیاری.

نێچیرڤان بارزانی هانی گەنجانی دا کە پرسیاری ئەوە نەکەن حکومەت چییان پێشکەش دەکات، بەڵکو بپرسن خۆیان دەتوانن چی بە وڵات ببەخشن و چ کێشەیەک چارەسەر بکەن. 

هەروەها جەختی لە گرنگیی پێکەوەژیان و فرەچەشنی کردەوە و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی خوێندکاران لە شار و کولتوورە جیاوازەکانەوە لەو زانکۆیەدا، ئەو ئەزموونەیە کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی و نابێت جیاوازیی بیروبۆچوون ببێتە هۆی دابڕان. 

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سوپاسی ڕۆڵ و ماندووبوونی بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆکەی کرد بۆ سەرخستنی ئەو ناوەندە ئەکادیمییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP