هەرێم نیوز
چاوی وەرزش دۆستانی کیشوەری ئەفریقا و جیهان بەرەو دادگای ناوبژیوانیی وەرزشی (کاس - CAS) لە شاری لۆزانی سویسرا بڕاوە، دوای ئەوەی دادگاکە ڕۆژی پێنجشەممە دانیشتنی گوێگرتنی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە گەورەکەی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای ٢٠٢٥ دەستپێکرد.
ماسیۆ ڕیب، بەڕێوەبەری گشتیی دادگاکە، ڕایگەیاند دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، سێنیگال، یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا (کاف) و پارێزەرانی لایەنەکان بەڕێوەچووە. ناکۆکییەکە لەسەر بڕیارێکی مانگی ئاداری ڕابردووی "کاف"ە کە تێیدا سێنیگالی وەک پاشەکشێپێکراو لە یاریی کۆتایی هەژمار کردبوو و بردنەوەی (٣ - ٠) و نازناوەکەی بەخشیبووە مەغریب، بەڵام سێنیگال داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە و بەفەرمی ناساندنی خۆی وەک پاڵەوان دەکات.
٣ سیناریۆی چاوەڕوانکراو لەبەردەم دادگای "کاس":
1. پەسەندکردنی بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی مەغریب: دادگاکە تانەکەی سێنیگال ڕەتبکاتەوە و بڕیارەکەی "کاف" وەک خۆی بهێڵێتەوە، بەمەش نازناوی پاڵەوانێتییەکە بە فەرمی بۆ مەغریب یەکلا دەبێتەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوە.
2. قبووڵکردنی تانەکە و گەڕاندنەوەی نازناو بۆ سێنیگال: دادگای کاس بڕیارەکەی کاف هەڵبوەشێنێتەوە و سێنیگال بە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا ڕابگەیەنێت، کە ئەمەش خواستی سەرەکیی فیدراسیۆنی سێنیگالە.
3. هەڵوەشاندنەوە و گەڕاندنەوەی دۆسیەکە بۆ "کاف": بەپێی ماددەی (R57) لە پەیڕەوی دادگاکە، دەسەڵاتی ئەوە هەیە بڕیارەکە پووچەڵ بکاتەوە و دۆسیەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خودی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا تاوەکو لەسەر بنەمای نوێ پێداچوونەوەی بۆ بکات.
دەستەی دادوەریی دۆسیەکە لە سێ دادوەر پێکدێت بە سەرۆکایەتیی جێرالد سیمۆنی فەرەنسی، و بە ئەندامێتیی ئۆلریش هاسی ئەڵمانی و لۆویجی فۆمالای ئیتاڵی. دادگای "کاس" ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تەواوبوونی دانیشتنەکان دەچنە قۆناغی راوێژ و بڕیارەکە لە ڕۆژی دانیشتنەکەدا دەرناچێت و وادەی فەرمیی ڕاگەیاندنی لە کاتێکی تردا دیاری دەکرێت.