دواین هەواڵ

وەرزش‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختی عێراق کەوتە دەستی تیروپشک؛ سیناریۆیەکی بێوێنە لە جامی کەنداو

ھەرێم نیوز

سەرەڕای شکستە تاڵەکەی بەرامبەر سعودیە بە دوو گۆڵی بێوەڵام، هەڵبژاردەی عێراق بە فەرمی ماڵئاوایی لە جامی کەنداوی ٢٧ نەکردووە؛ لە ڕووداوێکی دەگمەنی وەرزشیدا، تیروپشک بڕیار لەسەر مانەوە یان ماڵئاواییکردنی "شێرەکانی ڕافیدەین" دەدات بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی.

 
لە گەڕی کۆتایی قۆناغی کۆمەڵەکان لە خەلیجی ٢٧، سعودیە بە دوو گۆڵ شکستی بە عێراق هێنا، لە بەرامبەردا عومان بە ئەنجامی ٣-١ لە کوێتی بردەوە. بەم ئەنجامانە، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بە کۆکردنەوەی ٤ خاڵ لە پلەکانی دووەم و سێیەمی گرووپەکەدا جێگیر بوون.

هاوتایی لە هەموو شتێکدا؛ یاساکانی تۆپی پێ بەربەست دروست دەکەن
بەپێی پەیڕەوی پاڵەوانێتییەکە، هەموو پێوەرە یاساییەکان لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا تاقیکرانەوە بەڵام بێسوود بوو:
 ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ: یەکسان بوون.
 جیاوازیی گۆڵ: تەواو وەک یەکن؛ هەریەکەیان ٤ گۆڵی تۆمار کردووە و ٥ گۆڵی لێکراوە.

 خاڵی یاریی خاوێن (Fair Play): لەمەشدا هاوتان و هەردوو هەڵبژاردە بە درێژایی قۆناغی کۆمەڵەکان ٨ کارتی زەردیان وەرگرتووە.

بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکانی جامی کەنداو، کاتێک دوو هەڵبژاردە لە خاڵ، یاریی ڕاستەوخۆ، گۆڵ و کارتی زەرددا یەکسان دەبن، یاساکان ناچار دەبن پەنا بۆ "تیروپشک" بەرن. بەم پێیەش بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە لە ڕێگەی تیروپشکەوە ناوی ئەو هەڵبژاردەیە ئاشکرا دەکرێت کە شانبەشانی سعودیە دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP