هەرێم نیوز
وەزیری وزەی عەرەبستانی سعوودیە ڕایدەگەیەنێت، قەبارەی ئەو نەوتەی کە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی (ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا)ـەوە گواستراوەتەوە، تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٥.٨ ملیۆن بەرمیل، هاوکات کۆمپانیای ئارامکۆ هۆشداری دەدات ئەگەر ئەو هێڵە نەبووایە نرخی نەوت دەگەیشتە ٢٠٠ دۆلار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی 10ـی 2026، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە ڕایگەیاند، بڕی ئەو نەوتەی کە لە ڕێگەی هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواوە گواستراوەتەوە بۆ شاری یەنبوع (کە سەنتەری هەناردەکردنی نەوتە لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور)، تا بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٥.٨ ملیۆن بەرمیل.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی (جەزیرە)، ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ باشتربوونی ڕەوتی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەلایەکی دیکەشەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (شێڵ) لە میانی کۆبوونەوەی "ئینێرجی ئینتێلیجێنس" (Energy Intelligence) لە لەندەن ئاشکرای کرد کە هەناردەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی 80%ـی ئاستی پێش جەنگ.
دوێنێ دووشەممەش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی ڕایگەیاندبوو کە کۆمپانیاکەیان دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بگاتە توانای بەرهەمهێنانی جێگیری تەواوەتیی خۆی کە ١٢ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەگەر هێڵی گواستنەوەی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا نەبووایە، ئەوا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت دەگەیشتە ٢٠٠ دۆلار.