هەرێم نیوز
کارگەکانی ئۆتۆمبێل دەبنە کارگەی چەک؛ ڕینۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران ڕوو لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات
لە وەرچەرخانێکی پیشەسازیی چاوەڕواننەکراودا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هێڵی بەرهەمهێنانی خۆیان بەرەو کەرتی پیشەسازیی بەرگری و سەربازی دەگۆڕن.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای بەناوبانگی فەرەنسی «ڕینۆ» بە فەرمی پێی نایە نێو کێبڕکێی سەربازییەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ڤۆڵکسڤاگن و جێنێراڵ مۆتۆرز سوود لە بازاڕی پڕقازانجی کەرتی بەرگری وەربگرێت.
ئەم بڕیارەی ڕینۆ دوای ئەوە دێت کە کێبڕکێی توندی ئۆتۆمبێلە چینییەکان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی تێچووی بەرهەمهێنان، فشارێکی قورسیان خستووەتە سەر کۆمپانیا تەقلیدییەکان.
بۆ ئەم مەبەستە، کۆمپانیای ڕینۆ هاوبەشییەکی لەگەڵ کۆمپانیای «تالیس»ی فەرەنسی پێکهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، بە پلانێک کە ئامانجییەتی تا ساڵی ٢٠٢٧ بەرهەمهێنانی مانگانە ١٠٠ هێندە زیاد بکات و بگاتە نزیکەی ١٠٠٠ درۆن لە هەر مانگێکدا. هاوکات پڕۆژەیەکی دیکەیان لە کارنامەدایە بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی قەبارە گەورەتر، کە توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی دەگاتە ٦٠٠ یەکە و تێچووی هەر درۆنێکیش لە دەوروبەری ١١٧ هەزار دۆلار دەبێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووکردنە خێرایە بۆ بازاڕی سەربازی، هەڵکشانی خەیاڵیی بودجەی بەرگرییە لەسەر ئاستی جیهان؛ تەنیا لە ئەوروپا خەرجییە سەربازییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ١٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە ٨٦٤ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بۆ ٢ ترلیۆن و ٨٩٠ ملیار دۆلار بازی داوە. ئەم هاوکێشە نوێیە ڕاستییەک دەسەلمێنێت کە کارگە قەیراناوییەکانی ئۆتۆمبێل، دەرفەتی مانەوە و قازانجی گەورەی خۆیان لە بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی جەنگدا دەبیننەوە.