دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣١ کارمەند و بەرپرسی پێشوو لە کەرکووک دەرچوو

هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن و بڕیاری دادوەرییان بۆ ٣١ تۆمەتبار لە کۆمپانیای مابەین نەهرەین لە کەرکووک دەرکردووە، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە کاتی بەبازاڕکردنی گەنمدا.

بەبازاڕکردنی نایاسایی و شۆردەوەی پارە
ئەمڕۆ سێشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕوونی کردەوە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک لە کۆمپانیای مابەین نەهرەین بەدواداچوونیان ئەنجام داوە و دەرکەوتووە هەزاران تۆن گەنم لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە شێوازێکی نایاسایی بەبازاڕ کراوە. ئەو بڕە گەنمە بە ناوی سێ هاووڵاتییەوە بەبازاڕ کراوە کە یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە و هیچ پلانێکی کشتوکاڵییان نەبووە.

تێوەگلانی بەرپرسان و دەستگیرکردنی ١٠ تۆمەتبار
ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە سەلماندوویانە ٣١ کارمەندی کۆمپانیای مابەین نەهرەین تێوەگلاون، لەنێویاندا بەڕێوەبەرانی پێشوو و کارمەندانی بانکی کشتوکاڵیی کەرکووک، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵیان لە پرۆسەی خەرجکردنی پارەی بەبازاڕکردنی گەنمەکەدا.

دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٠ لەو تۆمەتبارانە جێبەجێ کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هاوکات بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەری بۆ تۆمەتبارەکانی دیکەش بەردەوامە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP