هەرێم نیوز
وتەبێژی هێزە حکوومییەکانی یەمەن کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەبی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، پێشڕەویی خێرا و گەمارۆدانی چەکدارانی حوسی لە ناوچەکەدا.
کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەب
لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی ڕاگەیاندنی هێزە حکوومییەکانی یەمەن ئاشکرای کرد، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە پاککردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی ئاوی ستراتیژیی بابولمەندەب، دوای ئەوەی گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر پێگەکانی چەکدارانی حوسی لە ناوچەکە.
پاشەکشە و هەڵاتنی حوسییەکان لە ڕێگەی دەریایەوە
بەپێی زانیارییەکانی هێزە حکوومییەکانی یەمەن، دوای توندبوونەوەی گوشار و گەمارۆکانی سەر چەکدارانی سەر بە میلیشیا حوسییەکان، ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان ناچار بوون پێگەکانیان چۆڵ بکەن و لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بەرەو دەریای سوور پاشەکشە بکەن و هەڵبێن.