هەرێم نیوز
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ئەو دارانەی لەم ماوەیەدا دەبڕڕێن و ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە ناو خاکی تورکیادان و بە هیچ شێوەیەک دار لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان نەبڕدراوە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بارهەڵگرەکان لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێوە دەهێنرێنە ناو خاکی هەرێم.
ڕوونکردنەوە لەسەر بڕینی دارەکان و شوێنی بارهەڵگرەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی بڕینی دارەکان ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا بەهیچ شێوەیەک دار لەناو خاکی هەرێمی کوردستان نەبڕاوە، بەڵکوو ئەو دارانە لە ناو خاکی تورکیا دەبڕێن و دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە دا، هەموو بەڵگەیەکیان لەبەردەستە کە شوێنی بڕینی دارەکان لە خاکی تورکیادایە. هەروەها گوتی، بە شێوەیەکی ڕوون ڕۆژانە چەند بارهەڵگرێک لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێوە دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستان، ئەمەش نەک تەنیا بۆ حکوومەت، بەڵکوو بۆ ئەو هاووڵاتییانەش ڕوونە کە لە دەوروبەری دەروازەکە و ناوچە سنوورییەکان دەژین.
بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێم و بەغدا
عەلی تەتەر باسی لەوە کرد، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەدواداچوونی وردیان بۆ پرسەکە کردووە. هەرچەندە دانی بەوەدا نا لە ساڵانی ڕابردوودا چەند دارێک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڕاون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەمساڵ، سەرچاوەی بڕینی دارەکان تەنانەت لە سنوورەکانیش دوورن و دەکەونە قووڵایی خاکی تورکیاوە.
سەرنجدان لە ڤیدیۆکان و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە لە خەمخۆرییان بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانییان دەربڕیوە، بەڵام داوای لێکردن وردتر سەیری ئەو ڤیدیۆیانە بکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە.
لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە، ئەگەر سەرنج بدەنە تۆپۆگرافیای ناوچەکە، شێوەی ڕێگەکان و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان، بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەو شوێنانە هەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو ئەو ئۆتۆمبێلانە لە تورکیاوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان.
بانگەواز بۆ هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان
لە کۆتاییدا، عەلی تەتەر داوای لە هاووڵاتییان کرد بە ئاسانی نەکەونە ژێر کاریگەریی هەواڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، هەر ڕۆژنامەنووسێک یان هاووڵاتییەک گومانی هەیە، دەتوانێت بچێتە دەروازەی سەرزێڕێ و ڕاستەوخۆ لە خەڵکی ناوچەکە یان شۆفێری بارهەڵگرەکان بپرسێت سەرچاوەی ئەو دارانە کوێیە و لە چ دوورییەکەوە دەهێنرێن.