هەرێم نیوز
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، سەردانێکی نهێنی بۆ دیمەشق ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا کۆبووەتەوە، هاوکات هەڵسەنگاندنێکی زۆر ئەرێنی بۆ سیستەمی نوێی ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو.
ئێوارەی دوێنێ هەینی، هۆشیار زێباری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە کەناڵی (الحرە) ئاشکرای کرد کە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بە شێوەیەکی نهێنی و ڕانەگەیەندراو سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کۆبووەتەوە.
زێباری ڕایگەیاند کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سەردانی سووریای کردووە، و ئەو هەوڵانە پێشەنگ بوون بۆ کردنەوەی دەرگای پەیوەندییەکان و لێکنزیکبوونەوە لە نێوان عێراق و سووریای نوێ.
دوای سەردانەکەشی، پەیامەکانی گەیاندووەتە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی.
لە بەشێکی قسەکانیدا، زێباری ستایشی سیستەمی نوێی سووریای کرد و بە "سەقامگیرتر و جێی متمانە" وەسفی کرد کە کۆنترۆڵی سنوورەکانی کردووە.
نیگەرانییە ئەمنییەکانی بەشێک لە عێراقییەکانیشی بە کەم بایەخ زانی، بەو پێیەی حکومەتی نوێی سووریا پاڵپشتییەکی بەهێزی ئەمریکا، تورکیا، وڵاتانی کەنداو، عەرەب و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەیە و هیچ بۆشاییەکی ئەمنی نەماوە.
سەبارەت بە ئەحمەد شەرع، زێباری وتی: "ڕاستە ئەو پاشخانێکی جیهادیی هەیە و لە عێراق شەڕی کردووە و ناوچەکانی مووسڵ، شەنگال، تەلەعفەر و تکریت لە من باشتر دەناسێت، بەڵام هەستی زۆر باشی بەرامبەر بە عێراق هەیە و دەیەوێت پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنییەوە فراوانتر بکرێن بۆ بازرگانی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی."
هەروەها ئاشکرای کرد کە دوای دیدارە باشەکەی نیویۆرک لە نێوان عەلی زەیدی و ئەحمەد شەرع، کەشی پەیوەندییەکان زۆر باشتر بووە و شەرع دەیەوێت سوود لە ئەزموونی عێراق وەربگرێت.
لە ڕووی ئابووریشەوە، زێباری باسی لەوە کرد کە عێراق پرۆژەی گواستنەوەی نەوتی لە ڕێگەی خاکی سووریاوە (هێڵی بانیاس) دووبارە خستووەتە ڕوو، کە بیرۆکەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ و ئەوکات ئیسرائیل دژی جێبەجێکردنی بوو.