هەرێم نیوز
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلحوڕە" (Alhurra) بۆ یەکەمجار وردەکاریی سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە ئەو جووڵەیە بە ئاگاداری و هەماهەنگیی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەلی زەیدی بووە.
کردنەوەی دەرگای نوێی پەیوەندییەکان
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانەکەی وەک دەستپێشخەرییەک بووە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق لە دوای دەسەڵاتی نوێی سووریا، و وتی: "ئەم پەیامەم پێشوەختە گەیاندە بەڕێز عەلی زەیدی و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دیداری ئێمەش ڕێگەی خۆشکرد تاوەکو دواتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وەک یەکەم بەرپرسی باڵا دوای دوو ساڵ سەردانی دیمەشق بکات، و لەم دواییانەشدا لە نیویۆرک دیداری نێوان بەڕێزان زەیدی و شەرع ئەنجام درا."
تێڕوانینی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق؛ لە "ئەزموونی جیهادی"یەوە بۆ دیپلۆماسی
سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری نوێی سووریا، زێباری ڕایگەیاند: "ئەحمەد شەرع لە ئێمە زیاتر شارەزای شارەکانی عێراقە، لە مووسڵ، شنگال، تەلەعفەر و تکریت؛ کاتێک پێم وت ئەمە بەهۆی ئەزموونە جیهادییەکەتانەوەیە، شەرع بە ڕاشکاوی وتی: ئێمە حوکمڕانییەکی نوێمان هەیە و لە هەڵەکانمانەوە فێربووین، دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی حوکمڕانیی عێراق وەربگرین و پەیوەندییەکانمان لە هەماهەنگیی ئەمنی بەرتەسک نەکەینەوە، بەڵکو فراوانی بکەین بۆ بواری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و جوگرافی."
ڕوونیشی کردەوە کە شەرع بانگهێشتی فەرمیی پێگەیشتووە بۆ سەردانی بەغدا و لە بەرامبەریشدا سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی بانگهێشتی دیمەشق کردبوو، بەڵام "گومان و دوودڵیی ناوخۆیی لایەنی عێراقی پرۆسەکەی دواخست."
هێڵی بانیاس و جێگرەوەی گەرووی هورمز
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هۆشیار زێباری تیشکی خستە سەر پێویستیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئاڵۆزییەکان و داخستنی گەرووی هورمز، عێراق و سووریا خاوەنی بەرژەوەندیی ستراتیژیی هاوبەشن و سووریا لە ڕێگەی هێڵی بەندەری بانیاسەوە بووەتە یەکێک لە دەروازە گرنگ و سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان.