دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ وەرگرتنی هۆشداری لە دەزگای هەواڵگریی میسر ڕەت دەکاتەوە

هەرێم نیوز

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕەتیدەکاتەوە عەباس کامیل، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی هەواڵگریی میسر پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هۆشداری دابێتە نەتانیاهۆ دەربارەی هێرشێکی چاوەڕوانکراوی حەماس.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "زە ئەتلانتیک"دا هات کە باسی لە سەردانێکی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر بۆ ئیسرائیل کردبوو ١١ ڕۆژ پێش هێرشەکە.

پەیامی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
نووسینگەی نەتانیاهۆ زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی بە بانگەشەیەکی ناڕاست وەسف کرد و جەختی کردەوە، سەرۆک وەزیران لە مانگەکانی پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەردا چاوی بە عەباس کامیل نەکەوتووە و قسەشی لەگەڵ نەکردووە.

هەروەها هیچ بەرپرسێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلیش ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیەی میسرییەکانی بە نەتانیاهۆ نەگەیاندووە.
نووسینگەکەی نەتانیاهۆ باسی لەوەش کردووە، ئەم بانگەشانە پێشتریش لە کاتی خۆیدا ڕەتکراونەتەوە و دووبارە بڵاوکردنەوەیان لە ئێستادا بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتیی ئیسرائیلە.

وردەکاریی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری 'زە ئەتلانتیک'
ڕوونکردنەوەی نووسینگەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، گۆڤاری (The Atlantic)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی میسر پێش ٧ی ئۆکتۆبەر سەردانی تەلئەبیبی کردووە و پەیامێکی مەترسیداری سەبارەت بە غەززە بۆ ئیسرائیل هەڵگرتووە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، عەباس کامیل، سەرۆکی هەواڵگریی میسر ناچار بووە بە شێوەیەکی شەخسی گەشت بۆ ئیسرائیل بکات، بە فڕۆکەیەکی جۆری "سیسنا"ی سەربە دەزگای هەواڵگریی میسر.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، عەباس کامیل لەو سەردانەدا هاوتا ئیسرائیلییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە حەماس خۆی بۆ هێرشێکی گەورە ئامادە دەکات و غەززە بەڕووتاندا دەتەقێتەوە، هەروەها پێشنیازی پێشکەشکردنی ئیمتیازاتی ئابووری بۆ حەماس کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵکشانی دۆخەکە بکرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەکەی گۆڤارەکە، دوای ٦٧ خولەک سەرۆکی هەواڵگریی میسر بە فڕۆکەکەی بەرەو وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە، بەڵام حکومەتی نەتانیاهۆ هۆشدارییەکانی میسری بە جدی وەرنەگرتووە و سەرەنجام هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر ڕوویداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP