دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیا و بەرپرسانی باڵای ئێران هێرشی توند دەکەنە سەر زەیدی و بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی واشنتن"ی ناودەبەن

هەرێم نیوز

بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق لە ژێر فشاری سزاکانی ئەمریکا، میدیا و بەرپرسانی باڵای ئێران هێرشێکی توندیان کردە سەر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی واشنتن"یان ناو برد.

ڕەخنە توندەکانی ڕۆژنامەی کەیهان لە سەرۆک وەزیران
ڕۆژنامەی "کەیهان"ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا هێرشێکی توندی کردە سەر حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی. هۆکارەکەشی بۆ بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق گەڕاندەوە کە لە چوارچێوەی سزاکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمریکادا دراوە.

ڕۆژنامەکە ئەم هەنگاوەی زەیدی بە "خۆشیرینکردن بۆ ترەمپ" ناو بردووە و نووسیویەتی: سەرۆک وەزیرانی عێراق چاوی لەسەر هەموو شتێک داخستووە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ورد و درشتی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمریکایە.

ڕۆژنامەی کەیهان ئاماژەی بەوەش داوە، سەرەڕای ئەم ملدانەی حکوومەتەکەی زەیدی، ئەمریکا هێشتا لە گواستنەوە و پێدانی پارەکانی عێراق خۆی دەپارێزێت.
لە بەشێکی دیکەدا وەک ڕەخنەیەک لە بەستنەوەی بڕیارەکانی عێراق بە خواستەکانی ئەمریکا لەلایەن زەیدییەوە، ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "هەر کاتێک بڕیارە ناوخۆییەکان لەژێر سایەی فەرمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بدرێن، متمانەی گشتی زیانی پێدەگات و لە نێوان گەل و دەسەڵاتداراندا کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان."

پەیامی هۆشداریدانی ویلایەتی بۆ زەیدی
لە لایەکی دیکەوە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بە توندی هێرشی کردە سەر عەلی زەیدی و بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نەجەفی بە هەوڵی دوژمن بۆ تێکدانی یەکێتیی بەرەکان ناو برد.

ویلایەتی لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە سەرۆک وەزیرانی عێراق و نووسیویەتی: "شەرعییەت لە واشنتنەوە نایەت، بەڵکو لە خاکی نەجەف و خوێنی شەهیدانەوە دێت."
هەروەها ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان گرت و بێدەنگییەکەیانی بە "چوارچێوەیەکی بەتاڵ لەسەر دیواری دەسەڵات" ناو برد.
سزاکانی ئەمریکا و سەنگەرگریی ئابووری لە عێراق
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای قورسی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند. ئەمریکا هۆشداریی دایە سەرجەم وڵاتان کە هیچ خزمەتگوزارییەک وەک سووتەمەنی یان نیشتنەوە بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران نەدەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی بێبەشبوون لە سیستمی دارایی دۆلار دەبنەوە.

عێراق بەهۆی ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەڵدەگیرێن، بەردەوام ڕووبەڕووی فشاری واشنتن دەبێتەوە بۆ پابەندبوون بە سزاکان دژی تاران.

ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و ئێران، گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ هەردوو وڵات، بەتایبەتی بۆ شاری نەجەف کە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و زیارەتکاری ئێرانی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نێوان دوو بەرداشی قورسدایە؛ لە لایەکەوە دەیەوێت ئابووریی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت و سەروەریی دارایی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات، لە لایەکی دیکەشیەوە ڕووبەڕووی فشاری توندی ئێران و لایەنە سیاسییە نزیکەکانی ناوخۆی عێراق (وەک چوارچێوەی هەماهەنگی) دەبێتەوە کە دژی هەر جۆرە پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی واشنتنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP