هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێداگریی بەغدای لەسەر زاڵکردنی زمانی دیپلۆماسی دووپاتکردەوە و هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا و لوبنان شەرمەزار کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی 9ـی 2026،وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە پەراوێزی کارەکانی 81ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا کرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەمینداری گشتیی نوێی ڕێکخراوەکە کرد.
ئاماژە بەوەش کراوە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەیی تەواوی بەغدای بۆ میوانداریکردنی 52ـەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام ڕاگەیاند، کە بڕیارە لە 17 و 18ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە دیپلۆماسی و دانوستان تاکە ڕێگەن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هاوکات هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سەروەریی خاکی سووریا و لوبنان ڕەتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.