هەرێم نیوز
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دوای گەیشتنی بە واشنتن بە مەبەستی ئەنجامدانی سەردانێکی فەرمی، داوا دەکات وڵاتەکەی و ئەمریکا لەبری ڕکابەر، ببنە هاوبەشی یەکتر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاگربەستی بازرگانیی نێوانیان تاوەکو مانگی کانوونی دووەم درێژ کراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی بە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی سەردانێکی فەرمی و زۆر گرنگ، لە لێدوانێکدا کە لەلایەن میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، داوای کردووە پەکین و واشنتن لەبری ئەوەی ڕکابەری یەکتر بن، ببنە هاوبەش.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بە قووڵی بەیەکەوە گرێ دراون، و پێویستە لەگەڵ هەماهەنگیدا، "ڕکابەرییەک لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا"شیان هەبێت.
لە میانی ئەم سەردانە سێ ڕۆژەیەدا، کە پێشوازییەکی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ هاوتا چینییەکەی لەخۆگرتبوو، پێدەچێت گفتوگۆی سەخت سەبارەت بە پرسەکانی بازرگانی، ژیریی دەستکرد، تایوان، و ئێران لە نێوان هەردوو سەرۆکدا بەڕێوەبچێت.
هاوکات ڕاگەیەندراوە، کە ئاگربەستی بازرگانیی دووقۆڵی، کە جێبەجێکردنی سەپاندنی باج و پێناسە گومرگییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بەسەر کاڵای چینیدا دوادەخات، تاوەکو مانگی کانوونی دووەم درێژ کراوەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ساڵانی ڕابردوودا بە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕیوە، بەتایبەتی بەهۆی ململانێ بازرگانییەکان، پرسی تایوان، و پێشبڕکێی تەکنەلۆژییەوە.
ئەم سەردانەی سەرۆکی چین بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، وەک هەوڵێک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو زلهێزە گەورەکەی جیهان سەیر دەکرێت.