هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی دزینی پێنج ملیۆن دینار لە ناو ماڵێکدا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی 9ـی 2026، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە ڕێککەوتی 7ـی 9ـی 2026 سکاڵای سەبارەت بە دزینی بڕی پێنج ملیۆن دینار لە ناو ماڵەکەی لە گەڕەکی شەهید فاتیح تۆمارکرد، تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئاماژەی بەوەش کراوە، لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا توانرا تۆمەتباران بە ناوەکانی (م. ف. ج) تەمەن 18 ساڵ و (ع. ڕ. ا) تەمەن 18 ساڵ، ناسیار ببنەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر بكرێن و دەستیش بەسەر بڕی پارە دزراوەکەدا بگیڕێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی هەڵەبجە ڕوونی کردووەتەوە کە ڕووداوەکە کاتژمێر 4:50ی سەرلەبەیانی ڕوویداوە، کاتێک سکاڵاکار و هاوسەرەکەی بۆ سەر کار چووبوون و دەرگای چوونەژوورەوەیان دانەخستبوو، تۆمەتبارانیش بە ئاسانی چوونەتە ناو ماڵەکەوە.
هەردوو تۆمەتبار لە بەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.