هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان دەرهاوێشتەکانی ئامادە کردووە و سەرجەم پێشنیازەکان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندان.
مەرجەکانی دابینکردنی بەنزین و سووتەمەنی
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەران (لە فراکسیۆنی پارتی) ئاشکرای کرد، یان دەبێت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات بە هەمان پێوەر و نرخی پارێزگاکانی تری عێراق بەرامبەر ئەو ٥٠ هەزار بەرمیلەی دیاری کراوە، یانیش ئەگەر نەوتی خاو بۆ هەرێم زیاد کرا، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن لە ئەستۆ بگرێت تاوەکو بە هەمان نرخی ناوچەکانی تر بەنزین بگاتە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: "لە هەردوو حاڵەتدا، چ مەنتوج دابین بکرێت چ نەوتی خاو، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوازێک دابینی بکات کە بە هەمان شێوە و نرخی پارێزگاکانی عێراق بێت."
پابەندبوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەش دا، لە کاتی دابینکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە دابەشکردنی سووتەمەنی بە هەمان نرخی پارێزگاکانی عێراق.
جەختیشی کردەوە کە چ پێوەرێک بۆ دیاریکردنی بڕی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی عێراق بەکار بێت، هەمان پێوەر بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی بەکار دەهێنرێت.