هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە لەسەروبەندی بڕیارداندایە سەبارەت بە ئێران و لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشهاتێکی گەورە ڕوودەدات، هاوکات بژاردەکانی سەر مێزەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران ئاشکرا دەکات و پێشوازیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی 9ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (فۆکس نیوز) ڕایگەیاند، سەرقاڵی دەرکردنی بڕیارێکە سەبارەت بە ئێران و لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشهاتێکی زۆر گەورە ڕوودەدات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بژاردەکانی سەر مێزەکەی پێکدێن لە لەناوبردنی ئێران، جێهێشتنی بەجۆرێک کە لە ڕووی ئابوورییەوە دابڕمێت، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا پرسیاری ئەوەی ورووژاندووە کە کەی تەواوی ئێران دەتەقێنێتەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە باشترە بۆ بەرپرسانی تاران هەڵسوکەوتیان باش بکەن.
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە پێشوازی لە بیرۆکەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران دەکات لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچێت.