هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سوودی بۆ کوردانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیش دەبێت و بۆ ئەوانیش پرۆسەکە بایەخێکی یەکجار گرنگی هەیە.
تێڕوانینی فیدان بۆ سەردانەکەی دیاربەکر و داڕشتنی سیاسەتی نوێ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: "کە چوومە دیاربەکر، بینیم پرۆسەکە چەندە خەڵکی گەشاندووەتەوە و چەندە پێشوازیی لێ کراوە و چەندە بایەخی بۆیان هەیە، بۆیە گەیشتمە ئەو بڕوایەی گەورەترین شۆڕشی سیاسیمان، کۆتاییهێنان بووە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی هاووڵاتییان، ئەمە شتێکە ١٠٠ ساڵە نەکراوە و ئێمە کردمان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە، ئەم هەنگاوە نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ کوردانی هەرێمی کوردستان و سووریاش سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەهێنێت و پرۆسەی برایەتی بەرەوپێشەوە دەبات.
ڕەخنە لە پەکەکە و جەختکردنەوە لە ڕێکاری سیاسی
هاکان فیدان گلەیی لە پەکەکە کرد کە هیچ هەنگاوێکی ڕژدیان نەناوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و شتێکە هەموو تورکیا پێویستی پێیەتی.
باسی لەوەش کرد تورکیا گۆڕاوە و ئێستە بۆ ئەوەی خۆت دەرخەیت، پێویستیت بە چەک نییە، بەڵکو دەتوانی بە ڕێی سیاسی خۆت نمایش بکەیت، وەک گرووپ و نەتەوە و فکری جودا دەربکەویت.
دۆخی ئەمنیی عێراق و سووریا و هەڵوێستی بەغدا و دیمەشق
لەبارەی دۆخی عێراق و سووریاوە فیدان ڕایگەیاند، لەمەودوا نە لە عێراق و نە لە سووریا ڕێگە بە هیچ هێزێکی چەکدار نادرێت بەدەر لە سوپای فەرمیی ئەو وڵاتانە کەس چەکی پێ بێت. بەغدا و دیمەشق ڕژدن لەسەر ئەوەی ڕێگە بە هیچ گرووپێکی چەکداری وەک پەکەکە نەدەن خاکیان کۆنترۆڵ بکات.