هەرێم نیوز
فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ ڕایگەیاند، بە فەرمی نووسراویان ئاراستە کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکانیان بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 9ـی 2026، فەریق ڕوکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ ئاشکرای کرد، داواکاریی فەرمییان ئاراستە کراوە تاوەکو هێزەکانیان بخرێنە ژێر ڕکێفی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیشی کردەوە کە هەمیشە ئامادەن بۆ بەشداری لە دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیدا.
ئەم هەڵوێستە دوای ڕاگەیێنراوی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دێت سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە چوارچێوەی "فەرماندەیی دەڤەری یەک و دەڤەری دوو".
پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، کە وادەکەی تاوەکو ئەیلوولی ٢٠٢٦ دیاری کرابوو؛ دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتە دارایی، یاسایی و فەرماندەیییەکانیان دەرچوو.