دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی دواخرا و پارێزەرەکانی گومان لە "سیناریۆیەکی نوێ" دەکەن

هەرێم نیوز

دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار لە سلێمانی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، لە کاتێکدا تیمی پارێزەران گومان لە بوونی "سیناریۆیەکی نوێ" و گۆڕینی گوتەی تۆمەتباران دەکەن و کەسوکارەکەشیان باس لە بوونی ئەشکەنجە دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بڕیار بوو دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار لە دادگای سلێمانی بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو (13ـی ئەیلوول) وادەی نوێی دادگاییکردنەکە دیاری بکرێت.

لەبارەی هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە، تیمی پارێزەران ڕوونیان کردەوە کە لە دانیشتنەکەدا هەستیان بە هەبوونی "سیناریۆیەکی دیکە" کردووە، بەهۆی ئەوەی تێبینییان کردووە گۆڕانکاری لە گوتەی دەستگیرکراوەکاندا هەیە بە بەراورد بە دانیشتنەکانی پێشوو، بۆیە داوایان لە دادوەر کردووە دادگاییەکە دوابخات و بەشێک لە گوتەکانیان جارێکی دیکە لێ وەرگیرایەوە. سەرەڕای ئەمانەش، ماددەی تۆمەتبارکردنەکە وەک خۆی ماوەتەوە و گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، دانا تەقیەددین باسی لە دۆخی کەسوکاری ڕاگیراوەکان کرد و ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە ڕێگە نەدراوە کەسوکاریان سەردانیان بکەن.

هاوکات ڕەخنەی لەوەش گرت کە دادگا تەنیا ڕێگەی بە چەند کەناڵێکی دیاریکراو داوە ئامادە بن. لە هەمان کاتدا، ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور شێخ جەنگی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە تەنیا یەک چرکە براکەی بینیوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەژێر ئەشکەنجەدا گوتەی گیراوانی لالەزار گۆڕدراوە.

جێی باسە، لاهوور شێخ جەنگی بەپێی هەردوو ماددەی 406 و 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنیا لەسەر ماددەی 56 (تایبەت بە ڕێککەوتنی گرووپێک بۆ ئەنجامدانی تاوان) دادگایی دەکرێت.

دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025، کاتێک لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی ڕووی دا و چەندین کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک، دۆسیەکە کە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و سکاڵاکارانیش لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە نین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP