هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا کەشوهەوای نێو پەرلەمانی عێراق باشتر بووە و جەخت دەکاتەوە کە عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە لەنێو پەرلەماندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، عێراق لە ناوخۆدا بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی خزمەتگوزاری، مووچە، دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت و گرووپە لەیاسادەرچووەکان بووەتەوە، بەڵام کەشوهەوای پەرلەمان ئەرێنییە و هەوڵ دراوە لایەنە کوردییەکان بە هاوبەشی کار بکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەربارەی ئاریشەی سووتەمەنی، ئەترووشی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە و پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا کردووە.
لەبارەی یاسا جەوهەرییەکانیشەوە ڕوونی کردەوە، پێویستیان بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا پێنج هەزار بڕیاری (مەجلیسی قیادەی ثورە)ی سەر بە ڕژێمی پێشوو جێبەجێ دەکرێن، هاوكات کارکردن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت.
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ئاستێکی زۆر دەباشدان و سەرکردایەتیی هەرێم پشتگیریی سەرخستنی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات.