دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران: گەندەڵی لە زیادەڕۆییکردن لە خەمڵاندنی تێچووی پڕۆژەکانەوە دەستپێدەکات

هەرێم نیوز

عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت، گەندەڵی لە زۆربەی بارەکاندا لە زیادەڕۆییکردن لە خەمڵاندنی تێچووی پڕۆژەکانەوە دەستپێدەکات،، ئاماژەی بەوەش کردووە، پێداچوونەوە بۆ گرێبەستەکانی پێشوو و داهاتوو دەکرێت لەسەر بنەمای خۆپارێزی باشترە لە چارەسەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان، عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، دەوڵەت پشت بە دوو کۆڵەکەی سەرەکی دەبەستێت کە بریتیین لە ياسا و دەستپاکی.

 ڕوونیشیکردەوە، حکومەت لە شەڕێکی سەختدایە دژی گەندەڵی و وشککردنی سەرچاوەکانی، هەروەها جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە تاوەکو پشتیوانی لە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕاوەدوونانی تێوەگلاوان بکات.

ئاماژەی بەوەش کراوە، سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە حکومەت کار دەکات بۆ گرتنەبەری وردبینیی پێشوەختە و دوایی بۆ گرێبەستە حکومییەکان، بەپێی بنەمای خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و پاراستنی سامانی گشتی.

 هاوكات لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان جەختی لەسەر پێویستیی چاوخشاندنەوە بە گرێبەستە حکومییەکانی پێشوودا کردووەتەوە کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە یاخود زیادەڕۆیی لە تێچووەکەیاندا کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP