هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت،، عەلی زەیدی دەستلەکارناکێشێتەوە و ڕێڕەوی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پرسێکی یاساییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی لە کارنامەی حکومەتدا بەڵێنی بە گەلی عێراق داوە بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا؛ جەختیشی کردەوە، حکومەت هەنگاوی بەرچاو و گرنگی ناوە لە ڕێڕەوی کۆکردنەوەی چەک و پابەندە بە تەواوکردنی ئەم ڕێبازە بەپێی پێداویستییەکانی سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، عەبودی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" ڕایگەیاند،، حکومەت مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی چەک دەکات وەک بنەمایەکی دەستووری، کە لە ڕێگەی دامەزراوە و کەناڵە یاساییەکانەوە چارەسەر دەکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی داهاتووی سەرۆک وەزیران لە بەر ڕۆشنایی فشارەکاندا، وتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە، دەستلەکارکێشانەوە بە هیچ شێوەیەک نەبووە و نابێتە هۆکارێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.