هەرێم نیوز
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز بەدەست وڵاتەکەیەوەیەتی و بە هیچ شێوەیەک بژاردەی هێرشی سەربازی لەو ناوچەیە ڕەت ناکاتەوە، هاوکات بە توندی ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەسەر قەبارەی یەدەگی تەقەمەنی و چەکە پێشکەوتووەکانی سوپای ئەمریکا بۆ میدیاکان ئاشکرا بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمز و ململانێکانیان لەگەڵ ئێران زانیاری نوێی ئاشکرا کرد.
هێگسێت بە جەختکردنەوە لەوەی لێشاوی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەردەوامە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران زۆر باش دەزانێت کۆنتڕۆڵی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بەدەست ئەمریکاوەیە.
ناوبراو زیاتر وتی: "ئەوان قومارێکی گەورەیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز کرد، بەڵام نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی بکەن."
هێگسێت جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتن لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا بژاردەی هێرشی سەربازی لە گەرووی هورمز لەسەر مێز لانابات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە پرسیاری میدیاکان لەسەر قەبارەی یەدەگی تەقەمەنییەکانی وڵاتەکەی هەڵوێستێکی توندی نواند و وتی: "بۆچی دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە ئایا جۆرێکی دیاریکراو لە تەقەمەنیمان هەیە یان نا؟ ڕەنگە پێت بڵێم ١١٠٪ یەدەگمان هەیە یان بڵێم تەنیا ١٪ـمان هەیە؛ من هەرگیز وەڵامی پرسیارێکی لەو شێوەیە نادەمەوە."
لە کۆتاییشدا بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی کارکردنی میدیاکانی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند: "میدیاکان گەمژانە کار دەکەن کە دەیانەوێت وەزارەتی جەنگ بخەنە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخی ئەو سیستەمە پێشکەوتوو و نهێنییانە بدات کە ڕەنگە هەمانبێت یان نەمانبێت."