هەرێم نیوز
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، واشنتن دەست بە سەپاندنی گەورەترین و توندترین سزای دارایی لە مێژوودا بەسەر ئێراندا دەکات، و هۆشداریش دەداتە هەر وڵاتێک کە ئاسانکاری یان هاوکاریی دارایی بۆ تاران بکات.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، هەر وڵاتێک ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ ئێران یان ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی پارە بۆ ئەو وڵاتە بکات، دەبێتە هاوبەشی گۆشەگیرییەکە و دەبێت بیر لە لێکەوتەکانی بکاتەوە، و هەر وڵاتێکیش پشتیوانی لە تاران بکات، لە ڕوانگەی واشنتنەوە لەسەر ئاستی جیهان پەراوێز دەخرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی ئێران، سنوورەکانی لێبوردەییی ئەمریکا دەبەزێنن.
ناوبراو پرسیاری ئەوەش دەکات کە ئایا هاوپەیمانەکانی تاران ئامادەن لەسەر ئەو پرسە گرەو بکەن.
هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو گۆشەگیرییە داراییەی ئەمریکا بەتەمایە بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، وا دەکات واشنتن پێویستی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بیسێنت باسی لەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئابووریی ئێرانی تا ئاستێک تێکشکاندووە کە پێشتر وێنەی نەبووە، و ئامانجی ئەمریکا بڕینی سەرجەم شادەمارەکانی ژیانی ئابوورییە لەو وڵاتەدا.
هاوکات هۆشداریی داوە کە ترەمپ بە خێرایی وەڵام دەداتەوە ئەگەر ئێران دەستپێشخەری بکات بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو.
بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەو بارەیەوە ڕێک بخات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ناوبراو هۆشداریی سەپاندنی سەختترین سزاکانی مێژووی بەسەر ئێراندا دابوو.