هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ پێکدادانێک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا ڕوو نادات و کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو دەستپێک دەبێت بۆ کۆکردنەوەی تەواوی چەکەکان لە ژێر دەستی دەوڵەتدا، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی چەک، مووچە و بودجە
ئەمڕۆ هەینی ٢١ی ئابی ٢٠٢٦، هیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنیدا لە کۆنفڕانسی بەغدا ڕایگەیاند، هیچ پێکدادانێک لەگەڵ گرووپەکاندا نییە و کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەستپێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، جەختیشی کردەوە کە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە پرسێکی تەواو عێراقییە.
سەبارەت بە پرسی شایستە داراییەکان، حەلبوسی ئاماژەی بەوە دا، مووچە بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لەسەر خەرجکردنی نییە، هەروەها حکوومەت و پەرلەمان هەنگاوی ڕوونیان بۆ چاکسازیی ئابووری ناوە.
ڕوونیشی کردەوە، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە تاوتوێ دەکات و وەزیرە پەیوەندیدارەکانیش بۆ ئەنجوومەنەکە بانگهێشت دەکات.
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان
پەیوەست بە پرسی گەندەڵی لە عێراقدا، سەرۆکی پەرلەمان ڕوونی کردەوە کە گەندەڵی بووەتە سیستەمێک، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران لە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت بە پشتیوانیی سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان، سەرباری گەورەیی پێگەی کەسە گەندەڵەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت هەفتەی ڕابردوو ٤٢ یاسای ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە، لەنێویاندا یاسای تاوانەکانی زانیاری (تاوانە ئەلیکترۆنییەکان) کە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیە نەک بۆ سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین.
خزمەتی سەربازی و پەیوەندییە هەرێمییەکان
سەبارەت بە یاسای خزمەتی سەربازی، حەلبوسی ڕایگەیاند، پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی بۆ کراوە و ئامانجی پاراستنی کۆمەڵگە و دروستکردنی نەوەیەکی بەرهەمهێنە.
سەبارەت بە دۆسیەی گەرووی هورمز، سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە لە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە هەرێمییەکاندا داوایان لە ئێران کردووە عێراق لە لێکەوتەکانی گەرووی هورمز ببەخشێت، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە کە بەخشینی عێراق لە لێکەوتەکانی ئەم گەرووە لەگەڵ سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکەی تاوتوێ دەکات.