هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و داخستنی گەرووی هورمز ئاڵەنگاریی گەورەی دروست کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە زیاتر لە چارەسەرێکیان بۆ کێشە ئابوورییەکان هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی 8ـی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەگەڵیاندا کۆکن لەسەر ئەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە کارکردن لەسەر میکانیزمەکانی ڕادەستکردنی چەک.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەست کردووە، پەیوەندییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و چوونەتە ناو حەشدی شەعبییەوە، لەگەڵ ئەوانی دیکەشدا بۆ هەمان مەبەست لە گفتوگۆیەکی بونیادنەردان.
جەختیشی کردەوە کە هیچ نییەت و ئەگەرێک بۆ پێکدادانی سەربازی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا نییە و ڕێگەش نادەن دوژمنان هیچ هەلێک بقۆزنەوە.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا، عەلی زەیدی دووپاتی کردەوە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پاشەکشە ناکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتیی تەواوی هێزە سیاسییەکانیان هەیە.