هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە پشتیوانیی حکوومەتی عێراق دەکاتەوە لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هاوکات ڕوونیشی دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە بنەمایەکی ڕوونی دەستووریی هەیە و بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی وڵات.
کۆکردنەوەی چەک و پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
ئەمڕۆ هەینی ٢١ی ئابی ٢٠٢٦، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (المركز الخبري الوطني) ڕایگەیاند، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامبوونی بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست دەکات.
پێگەی دەستووری و مێژوویی هێزی پێشمەرگە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی پێشمەرگە تەواو جیاوازە، چونکە بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی ئەمنیی وڵات. ڕۆڵی مێژووییی پێشمەرگەی وەبیر هێنایەوە کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە هەیە و ڕووبەڕووی ڕژێمی پێشوو و دیکتاتۆری بووەتەوە، هەروەها بوونی ئەم هێزە لە پێش دەستووری ٢٠٠٥ و دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە بووە.
فەرهاد ئەترووشی جەختی کردەوە کە پێشمەرگە بنەمایەکی دەستووریی تۆکمەی هەیە، بەپێی ئەوەی ماددەی ١٢١/ بڕگەی پێنجەم لە دەستووری عێراق ئاماژە بە پاسەوانی هەرێم و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا، هەوڵدان بۆ بەستنەوەی دۆسیەی پێشمەرگە بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکەوە تەنیا تێکەڵکردنی کارتەکانە و "قسەیەکی ڕاستە بە مەبەستی بەتاڵ دەیڵێن"" (كلمة حق يراد بها باطل)".