هەرێم نیوز
لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی بەردەڕەش و شارەدێی دارەتوو، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت وەرگەڕا و بەهۆیەوە ٧ ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون. بریندارەکان پێکهاتوون لە دایکێک، کوڕێک و ٥ خوشک، کە هەموویان دانیشتووی گوندی زەنگەنانی سەر بە قەزای بەردەڕەشن.
نشوان بەرزنجی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی بەردەڕەش ڕایگەیاند کە پاش گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە، ٥ کەسیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش لەژێر چاودێریی پزیشکیدا ماونەتەوە. بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، ٢ لە کچەکانی ئەو خێزانە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بە سەدان کەس بەهۆی ڕووداوەکانی وەرگەڕان و پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەبنە قوربانی، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەت زۆرجار هۆکارەکەی بۆ تیژڕەوی، پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان و خراپیی هەندێک لە ڕێگەوبانەکان دەگێڕنەوە.