هەرێم نیوز
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سەرۆک کۆماری تورکیا و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدار لە سووریا پەلکێش دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە هەریەک لە سووریا و تورکیا ئەو پاساوانەی ئیسرائیل ڕەتدەکەنەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە سووریا هێنابوویەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی 8ـی 2026، ئاژانسی میدڵ ئیست نیوز لە زاری کەناڵی ئەلعەرەبییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وڵاتەکەی بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدار لە ناوخۆی سووریادا دەبات.
کاتس بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل ڕێگە بە هیچ قەوارە و لایەنێک نادات کە ئاسایشەکەی بخاتە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە دێن کە تورکیا بە توندی بانگەشەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە پێگەی سەربازیی ئەنقەرە لە سووریا ڕەتکردەوە و بە بێبنەما وەسفی کردن.
پێشتریش ئیسرائیل بنکەیەکی ئاسمانیی لە سووریا کردە ئامانج، بەو پاساوەی کە سووریا لە لێواری ڕەزامەندیدان بووە لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لەو بنکەیەدا کە دەکەوێتە نزیک سنوورەکانی ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) ڕایگەیاندووە، هیچ بەرنامەیەک بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە بنکە ئاسمانیی (ئەبو ئەلزووهوور) لە ئارادا نەبووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ ئیسرائیلی ڕوونکردووەتەوە هیچ پلانێک بۆ ئەو مەبەستە نییە، بەڵکو بنکەکە لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدا بووە بۆ ئەوەی هێزی ئاسمانیی سووریا بەکاری بهێنێتەوە.
شەیبانی باسی لەوەش کردووە، ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا لە چوارچێوەی مەشق و هاوکاریی سەربازیی فراوانتردا سەردانی بنکەکەیان کردبوو، بەڵام هیچ جێگیربوون یان کۆبوونەوەیەکی سەربازیی تورکیا لەوێدا نەبووە و دامەزراوەکە تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ بووە و چالاکییەکی ئەوتۆی تێدا نەبووە.
لە بەرامبەردا، ڕۆژی چوارشەممە بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، تەلئەبیب پێش هێرشەکە هۆشداریی دابووە سووریا کە ڕێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا لەو بنکەیەدا نەدات.
نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی کردبوو: "پەیامەکەمان زۆر ڕوون بوو؛ ئەم کارە مەکەن".
بەڵام وەزیری دەرەوەی سووریا لە وەڵامی ئەمەدا دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل هیچ پاساوێکی شەرعی بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئەبو ئەلزووهوور نییە.