هەرێم نیوز
سەرۆککۆماری ئێران دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی ڕەت دەکاتەوە و بە توندی بەرگری لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن دەکات، هاوکات هۆشداری لە هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ قۆستنەوەی ئاڵەنگارییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی دەدات.
ڕەتکردنەوەی دەستلەکارکێشانەوە و بەرگری لە ڕێککەوتنەکە
ئەمڕۆ هەینی ٧ی ئابی ٢٠٢٦، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی دەستپێکی سێیەم ساڵی کارکردنی حکوومەتەکەی، بە توندی ڕەتیدەکاتەوە دەستی لەکار کێشابێتەوە و ڕایگەیاند: "من هەرگیز بە فەرمی دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە و وازیش ناهێنم، دەمێنمەوە و بەرەنگاری هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە دەبمەوە کە دەکرێن."
سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکەیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، پزیشکیان ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار لەلایەن خۆی و دۆناڵد ترەمپەوە واژۆ کراوە تاوەکو متمانە و قورسایی زیاتری هەبێت. جەختیشی کردەوە کە ئێران هیچ سازشێکی نەکردووە، بەڵکو دەستکەوتی گەورەی وەکو شکاندنی گەمارۆکان و گەڕاندنەوەی داراییەکانی دەستکەوتووە، لە بەرامبەردا ڕێگەی داوە کەشتییەکان بەپێی یاساکانی ئێران لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن.
هەماهەنگی لەگەڵ ڕێبەری باڵا و سیاسەتی ناوخۆیی
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە بوونی هەندێک ئاڵەنگاریی ناوخۆیی کرد و هۆشداری دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئەو ئاڵەنگارییانە وەکو هەلێک بقۆزنەوە. پزیشکیان ئاشکراشی کرد کە محەمەد باقر قالیباف بە ڕەزامەندی هەموو لایەک وەک بەرپرسی تیمی دانوستانکار دیاریکراوە و دووپاتی کردەوە کە حکوومەتەکەی لە هەمووان زیاتر پابەندی سیاسەتەکانی ڕێبەری باڵای ئێران بووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پلانە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان کرد و ڕایگەیاند، مزگەوت و قوتابخانە و بنکە تەندروستییەکان دەبنە بنکەی ئۆپەراسیۆنی خزمەتگوزاری بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری، هەژاری و تەندروستی لە گەڕەکەکاندا.
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، پزیشکیان ئاماژەی بە باشتربوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد، بەڵام ڕەخنەی لەوە گرت کە ئەمریکا خاکی هەندێک لەو وڵاتانەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێناوە و جەختی کردەوە کە ئێران تەنیا بەرگری لە سەروەریی خۆی دەکات.