دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم لەبارەی دابینکردنی غازی کۆرمۆر بۆ عێراق: کارێکی تاکلایەنە و پێشێلکاریی گرێبەستە

هەرێم نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی بڕیاری تاکلایەنەی کۆمپانیاکانی کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ناردنی غازی کۆرمۆر بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بەبێ ڕەزامەندیی هەولێر، پێشێلکردنی گرێبەستەکەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی 8ـی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦ لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادار کراوەتەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەیە تەنیا لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆمپانیاکاندا گەیشتووەتە حکومەت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، حکومەتی هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری، هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە عێراقدا و دژی دابینکردنی وزە نەبووە، بەڵام پێویستە پرۆسەکە بەپێی چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێت.

 بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە و دەستوەردانێکی بێپاساو بۆ ڕێکارە دامەزراوەییەکان هەژمار دەکرێت، بەتایبەت کە پێشتریش حکومەت داوای داڕشتنی ڕێکاری بۆ دابینکردنی غازی زیاتر بۆ ویستگەکانی هەرێم کردووە.

حکومەتی هەرێم ئیدیعای کۆمپانیاکانی لەبارەی بوونی پاڵپشتیی هەولێر بۆ ئەم هەنگاوە بە ناڕاست و چەواشەکارانە ناوزەند کرد و ئاشکرای کرد، ئێستا لە حالەتی هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکاندایە و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی و بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەگرێتە بەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP