هەرێم نیوز
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دامەزراندن، دابینکردنی پلەی وەزیفی و دیاریکردنی پشکی هەرێم لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 سەردانی شاری بەغدا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 سەردانی بەغدا بکات.
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی شاندی حکوومەت بۆ دانوستانەکان پرسی دامەزراندن دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، سێ پرسی تایبەت بە دامەزراندن لە کارنامەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبن؛ یەکەمیان بریتییە لە دابینکردنی بودجە و پلەی وەزیفی بۆ 86 هەزار و 791 فەرمانبەر و مامۆستا کە حکوومەتی هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان بۆ دابین دەکات و مانگانە پێویستیان بە نێزیکەی 43 ملیار دینارە.
تەوەرەی دووەمی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە دابینکردنی پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندنی 16 هەزار و 280 دەرچووی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ساڵانی 2017 تا 2025، لەگەڵ 729 خاوەن بڕوانامەی باڵا.
خاڵی سێیەمیش وەرگرتنی پلەی وەزیفییە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران لە دامەزراوە و وەزارەتەکانی دیکە، بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی.
لە لایەکی دیکەیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و بە شێوەیەکی فەرمی کاری لەسەر دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرگری لە مافی یاسایی ئەم توێژە دەکات چونکە دامەزراندنیان مافێکی یاساییە.