هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی تایبەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد و ڕایگەیاند، نابێت ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ زیاتر بێت و بۆ خزمەت و خانەنشینیش هەژمار ناکرێت.
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ژمارە (300)ـی لە (22ـی 7ـی 2026) پێ دراوە، گۆڕانکاری لە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران کراوە.
لە بڕیارەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو بە وەزارەت، مافی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەیان هەیە بە فەرمانبەران لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو ماوەیە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (38) کە لە (5ـی 4ـی 2015) دەرچووە، ڕاگیراوە.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەشی کە پێش جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نوێیە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیارە کۆنەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان، بەڵام ئیتر جارێکی دیکە بۆیان نوێ ناکرێتەوە.
لە کۆتایی بڕیارەکەشدا هاتووە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە ڕاسپێردراون بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستانیش بڵاو دەکرێتەوە.