دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

دادوەر فایەق زێدان و فەریق ڕوکن زەید حووشی هەماهەنگیی نێوان دادوەری و دژەتیرۆریان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی نوێی دەزگای دژەتیرۆر کرد و هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوانیان بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، لە شاری بەغدا، دادوەر د. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشوازی لە فەریق ڕوکن زەید حووشی، سەرۆکی نوێی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر کرد و گفتوگۆیان دەربارەی ئاستی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای دژەتیرۆر کرد، بە جۆرێک کە خزمەت بە پاراستنی ئاسایش و هێنانەدی سەروەریی یاسا لە وڵاتدا بکات.

ئەم دیدارە دادوەری و ئەمنییە لە کاتێکدایە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی خۆیدا جەختی لەسەر بەکارھێنانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردبووەوە بەرامبەر هەر ڕەفتارێک یان هەوڵێکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

هاوپەیمانییەکە هۆشداریی دابوو کە بەکارھێنانی چەک لە دەرەوەی ویستی دەوڵەت یان پێکهێنانی هەر ڕێکخراوێکی چەکدار لە دەرەوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان بە یاساشکێنی ئەژمار دەکرێت و ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

هاوكات جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارە ئاسایشییانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان پێویستی بە هەماهەنگیی بەرز لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای دژەتیرۆردا هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت وادەی 30ی ئەیلوولی 2026ی وەک دوا وادە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دیاریکردبوو، کە دوای ئەو ڕێکەوتە بەپێی ماددەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر ڕەفتارێکی چەکدارانەی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP