دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیا ئیسرائیلییەکان: سوپا لە ترسی هێرشی مووشەکی و درۆنی لە عێراقەوە کەوتووەتە ئامادەباشییەوە

هەرێم نیوز

“سوپای ئیسرائیل خراوەتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە لە ترسی ئەنجامدانی هێرشی ناکاو بە مووشەک یان درۆن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە، ئەمەش هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، پێگەی "واڵا"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل خراوەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق هێرش و بۆردومانی ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل بکەن.

ماڵپەڕەکە ئاشکراشی کردووە، مەترسییەکی جددی لە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆردومانی کتوپڕ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) یان بە مووشەک ئەنجام بدەن، بۆیە ئامادەکاریی تەواو لە سیستەمەکانی بەرگریدا کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک لەو جۆرە.

پاشخانی ئەمنی و هەڕەشەکانی ترەمپ
پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیل بۆ هەمان پێگەی ڕاگەیاندبوو، ئامادەباشیی سوپا بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادان و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە.

ئەم بەرپەرچدانەوە ئەمنییە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی لە ئێران کردبوو بەوەی یان دەگەنە ڕێککەوتن، یان ڕووبەڕووی هێرشێک دەبنەوە کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێنەی نەبووبێت، بەڵام جەختیشی کردەوە کە لەسەر داوای سێ وڵاتی ناوچەکە هێرشەکەی ڕاگرتووە و چاوەڕێی دەرئەنجامی گفتوگۆکان دەکەن.”



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP