هەرێم نیوز
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) جەخت لە سەر هەڵوێستەکانی دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، پێویستە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بێت و عەبدوڵا ئۆجەلانیش سودمەند بێت لە "مافی ئومێد"؛ هاوکات تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەمیرتاش.
هەڵوێستی باخچەلی لەسەر دەمیرتاش و ئۆجەلان
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە نوێترین لێدوانیدا جارێکی دیکە هەڵوێستەکانی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە: "من دیسان هەمان شت دەڵێمەوە؛ دەبێت سەلاحەدین دەمیرتاش بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، ئەحمەدەکانیش بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان، و ئۆجەلانیش مافی ئومێد بەدەست بهێنێت."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، باخچەلی ئاشکرای کرد کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەردانی نەکردووە، بەڵام لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە بە بەردەوامی پەیوەندییان هەیە و هەواڵی دەپرسێت. ڕاشیگەیاند، پەیوەندییەکی باش لە نێوانیاندا هەیە و بەهۆی ئەوەی پێشتر لە پەرلەمانی تورکیا پێکەوە کاریان کردووە، بە بەردەوامی پرسیاری داواکارییەکانی دەکات و دەمیرتاشیش سڵاوی بۆ دەنێرێت.
گرنگیی "یاسای چوارچێوە" و برایەتیی گەلان
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بە واژۆکردنی "یاسای چوارچێوە" کرد و ڕایگەیاند، ئەو واژۆیە خێر و بەرەکەتی بۆ وڵات پێوەیە و لە ڕێگەیەوە برایەتیی هەزار ساڵەی نێوان گەلان چەسپێنراوەتەوە.
باخچەلی جەختی کردەوە، لەم پرۆسەیەدا تورک و کورد، بە هەموو زمان و ناسنامەیەکەوە براوەن، هەروەها ٨٦ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سوودمەند دەبن، هاوکات ئەم هەنگاوە بە یەکەم وێستگە بۆ تێکدانی پڕۆژە دەرەکییەکان لە ناوچەکەدا ئەژمار دەکرێت.