هەرێم نیوز
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەگەڵ تاران ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هیوادارن پێویست بە هێرشی سەربازی نەکات و بەم نزیکانەش گەرووی هورمز بکرێتەوە.
بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، واشنتۆن گفتوگۆیەکی زۆر باش لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات و شتەکان بە ئاڕاستەیەکی باشدا دەڕۆن، هیواداریشین پێویست نەکات هێرشێکی گەورەی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، بڕیار بوو دوای جەنگی جیهانیی دووەم گەورەترین هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام تاران داوای گفتوگۆی کردووە. ترەمپ باسی لەوەش کرد کە بەمنزیکانە و ڕەنگە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا یان تەنانەت سبەینێ گەرووی هورمز بکرێتەوە، بە کرانەوەشی نرخی سووتەمەنی و بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
هۆشداریدان لە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕۆژێکی زۆر باش بووە بۆ گفتوگۆکان، بەڵام بەرپرسانی ئێران نایانەوێت بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێن کە لەگەڵ واشنتۆن لە دانوستاندان.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی دا کە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر مێزی ڕێککەوتن یان پاشەکشە بپکەن دۆخەکە بۆ تاران زۆر خراپ دەبێت و گورزێکی گەورەیان بەردەکەوێت. هاوکات دووپاتی کردەوە کە جیهان بە تەواوی جیاواز دەبێت ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەوە نادرێت.