دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری تەندروستیی عێراق: پارە نییە و هەموو خەمی حکوومەت تەنها دابینکردنی مووچەیە

هەرێم نیوز 

وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا بە ڕاشکاوی باس لە قەیرانێکی قووڵی دارایی دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی سەرقاڵبوونی حکوومەت بە دابینکردنی مووچەوە، کەرتی تەندروستی پشتگوێ خراوە، کۆمپانیاکانیش ناردنی دەرمانیان ڕاگرتووە و ژێرخانی نەخۆشخانەکانیش داڕماون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاو بووەتەوە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە باس لە دۆخی خراپی کەرتی تەندروستی دەکات.

 حەسناوی ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەتی عێراق "لە بەیانییەوە تا شەو تەنها خەمی ئەوەیەتی چۆن مووچە دابین بکات"، کە بە وتەی ئەو مانگانە پێویستی بە ١٠ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار هەیە بۆ مووچەخۆران.

وەزیری تەندروستی ڕوونیشی کردەوە کە داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە بەرامبەر ئەو خەرجییە زەبەلاحانەدا کەمە و مانگانە لە نێوان ترلیۆنێک و نیو بۆ دوو ترلیۆن و نیو دیناردایە، ئەمەش وای کردووە "پارە نەمێنێت" بۆ سێکتەرەکانی دیکە، بەتایبەت کەرتی تەندروستی، کە ژێرخانی نەخۆشخانەکان و بیناسازییەکانی بە تەواوی ماندوو و وێران بوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسناوی هۆشداریی دا لە قەیرانی دەرمان و ڕایگەیاند کە کۆمپانیای کیمادیا (کۆمپانیای گشتیی دەوڵەت بۆ بەبازاڕکردنی دەرمان) سەرەڕای ئەوەی لە مانگی حەوتدان، بەڵام تەنها ١٥٪ـی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی خۆی وەرگرتووە. بەهۆی ئەمەشەوە هیچ گرێبەستێکی نوێ بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ نەکراوە و کۆمپانیا بیانییەکانیش ناردنی دەرمانیان بۆ عێراق ڕاگرتووە چونکە پارەکانیان پێ نەدراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP