دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

موقتەدا سەدر: نابێت عێراق بکرێتە مەیدانی ململانێ هەرێمییەکان

هەرێم نیوز

موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق کردەوە و داوای کرد وڵاتەکەی لە ململانێ هەرێمییەکان دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە ڕاکێشرانی بۆ ناو شەڕ بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەروەریی نیشتمانیی عێراق کردەوە و داوای کرد کاربکرێت بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. 

سەدر لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا بە توندی هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی خاکی عێراق و شوێنە پیرۆزەکانی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە ئەركی پاراستنی ئاسایش بگڕێتە ئەستۆ، سەروەریی خۆی بسەپێنێت و ڕێگری بکات لەوەی وڵات پەلکێشی ناو جەنگ و ئاڵۆزییەکان بكرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڕابەری ڕەوتی سەدر هۆشداریی دا لە چالاکیی گرووپە چەکدارەکان و شانە تیرۆریستییەکان کە دەکرێت ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بخەنە مەترسییەوە، هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە خۆیان لە دروستکردنی فیتنە و ناکۆکیی مەزهەبی بەدوور بگرن. 

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق و هاووڵاتییانی لە هەر شتێک زیاتر پێویستیان بە ئاشتییە، بۆیە داوای لە وڵاتانی دراوسێش کرد کە تەرکیز بخەنە سەر برایەتی، پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە گردژکاری و ململانێکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP