هەرێم نیوز
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەتوندنی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی خاکی عێراقی کرد و داوای لە حکومەت کرد ئاسایش کۆنتڕۆڵ بکات و سەروەریی وڵات بسەپێنێت.
سەدر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند: "مادام ئەم خاکە پیرۆزە خاڵی دەستپێکی بۆردومانکردنی کۆماری ئیسلامی نەبووە، پێویستە برایان لە سوپای پاسداران خاکی سەربەخۆ و پیرۆزمان بۆردومان نەکەن، هەروەها نابێت میلیشیا لەیاسادەرچووەکانیش بیانوو بدەنە دەست برایان لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ بەئامانجگرتنی خاکەکەمان". سەدر داوا لە هەموولایەک دەکات کە گیانی برایەتی و ئاشتییان هەبێت و نەکەونە دوای پیلانەکانی "دوژمنی زایۆنی و ئەمریکی" بۆ ڕاکێشانی برایان بۆ شەڕ و ململانێ.
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە وتیشی: "سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی خاکی عێراق لەلایەن سەرجەم وڵاتان و لایەنەکانەوە دەکەم، هەروەها سەرکۆنەی کردەوەی ئەو میلیشیا بێشەرمانە دەکەم کە دەیانەوێت عێراق پەلکێشی شەڕێکی بێهوودە بکەن". هاوکات داوای لە حکومەت کرد کە ئاسایش کۆنتڕۆڵ بکات، سەروەریی وڵات بسەپێنێت، بە جددی کار بکات بۆ سەلامەتیی گەلی عێراق و نەکەوێتە دوای "خورافاتی قێزەونی تایفەگەری".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر ڕوونیکردەوە کە عێراق و گەلەکەی پێویستیان بە ئاشتییە و ئەو شەڕانە بەسن کە تەواوی توانا و کەرامەتی عێراقیان لاواز کردووە. هەروەها هۆشداریدا لە شانە نووستووەکانی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە، کە تایفەگەری وەک بیانوویەک بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق بەکاردەهێنن. لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: "ئەمە بانگەوازێکی ئاشتییانەیە لەلایەن منەوە بۆ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەی دوور لە بنکە سەربازییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەژموونی قێزەونی داگیرکاری بژین".