هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای شانشینی سعودیە ڕایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی عێراق نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی توانای حکومەتی عێراق بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندا.
هۆکاری هێرشە هاوبەشەکان و هەڵوێستی ڕیاز
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، بەرپرسێکی شانشینی سعودیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، بۆردومانی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بنکەکانی میلیشیاکان کردەیەکی سەربازی نییە دژی دەوڵەت و حکومەتی عێراق، بەڵکو لە ئەنجامی ئەوەوە ڕووی داوە کە حکومەتی بەغدا توانای نییە ڕووبەڕووی ئەو گرووپە چەکدارانە ببێتەوە و ڕێگرییان لێ بکات.
ئەو بەرپرسە سعودییە هۆشداریشی دا کە هەموو بژارەکانی وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی میلیشیاکان بە کراوەیی دەمێننەوە، ئەگەر بێت و ئەوان بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی ئامانجە ستراتیجییەکان لە ناو خاکی سعودیە و بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان.
جیاکردنەوەی حکومەت لە گرووپە چەکدارەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە روونی کردەوە: "ئەم بۆردومانانە بە هیچ شێوەیەک بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی عێراق نایەت، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانی بەغدا و ڕیاز لە ئاستێکی باشدان. سعودیە بە باشی درک بەوە دەکات کە حکومەتی عێراق بەرپرس نییە لەو هێرشانە و ناکرێت بەرپرسیاریەتی بخرێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی، بەڵکو گرووپە چەکدارەکان خۆیان بەرپرسن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ئاراستەی هێرشەکان دەکەن."
هەروەها جەختیشی کردەوە، وەڵامدانەوە سەربازییەکەیان بە تەواوی سنووردار و بابەتانە بووە؛ بە جۆرێک تەنیا ئەو گرووپە چەکدارانە و سەرکردایەتی و بنکە سەربازییەکانیان کراونەتە ئامانج و بە هیچ جۆرێک کردەیەکی سەربازیی فراوان دژی خاکی عێراق ئەنجام نهدراوە.