یادگار عەلی
تەسەووری ئەمە بکە .. لیبیا وڵاتێکە ڕووبەرەکەی (١.٧) ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە .. ژمارەی دانیشتووانی (٨) ملیۆن کەسە .. قەبارەی سامانە سروشتییەکانی تێیدا خەیاڵییە .. واتە لیبیا خاوەنی یەدەگی نەوتە بە بڕی (٤٩) ملیار بەرمیل، یەدەگی غازی سروشتی لە نێوان (٥٣-٧٠) تریلیۆن پێی سێجادایە .. جگە لەوەش کەناراوێکی هەیە لەسەر دەریای ناوەڕاست بە درێژایی (١٨٠٠)کم، کە دەکاتە دوو هێندەی کەناراوەکانی باکووری میسر .. لیبیا بەهەشتە .. واتە تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاک نابێت لە (١٠٠) هەزار دۆلار کەمتر بێت .. واتە قوتابخانە، کارگە، هۆتێل لەسەر جوانترین کەناراوەکانی دونیا و گەشتیارییەک، کە داهاتەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلار بخەمڵێنرێت .. ئایا ئەمە ڕوویداوە؟ نەخێر .. لێرەدا کارەساتەکە دەستپێدەکات.. دەزانی بۆچیی خۆپیشاندان لە پایتەخت دەستیپێکرد؟
کارەبا.. (١٠) کاتژمێر بڕانی کارەبا لە ناو جەرگەی گەرمای هاویندا تێکڕای بڕانی کارەبای ماڵەکانە لە تەرابلوس .. خەڵکی چیتر بەرگەیان نەما .. یەکجار و دووجار و هەزارجار قسەیان لەگەڵ حکومەتەکەی دبەیبە کرد .. ئەنجامەکەش سفر بوو .. بۆیە بڕیاریاندا بڕژێنە سەرشەقام و بڵێن بەسە .. بەڵام بابەتەکە گەورەتر بوو .. گەنجانی لیبیا شەقامەکانیان کردەدۆزەخ .. تایەی ئۆتۆمبێلیان لە مەیدانە سەرەکییەکاندا سووتاند .. پاشان پێشهاتەکان گۆڕان .. کارێکی تریان کرد .. بڕیاریاندا وەزارەتەکان بەشێوەیەکی زیرەکانە دابخەن .. بارهەڵگرەکانی پڕ لە خۆڵیان لەبەردەم هەر وەزارەتێک ڕاگرت و خۆڵەکەیان بەتاڵکرد، تاوەکو دەروازەکانی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە دابخەن. گەنجان چیتر تەنیا کارەبایان نەدەویست .. نەخێر.. گەورە بەرپرسانی حکومەتیان دەویست .. بۆچیی؟ ئەم چیرۆکەی دێت زۆر جەرگبڕ و خەمناکە..
پرسیارەکە ئەوەیە .. پێنجەم گەندەڵترین دەوڵەتی سەر زەوی کێیە؟ وڵاتێک لە ئەمریکای ناوەڕاست؟ لە جەمسەرەکان؟ نەخێر .. لیبیایە .. کە لە پێوەرەکانی گەندەڵیدا لە پلەی (١٧٧)هەمدایە لەسەر ئاستی جیهان .. باسی چ جۆرە گەندەڵییەک دەکەین؟ چەند دزییەکی بچووک؟ نەخێر .. کارەساتە .. تەسەووربکە بۆ نموونە .. چەند ساڵێک پێش ئێستا .. "دەستەی وەبەرهێنانی ستراتیژیی لیبیا" لە تەرابلوس دامەزرا .. ناوێکی گەورە و پڕبایەخ .. پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانکرا و پڕۆژەی زۆریان ڕاگەیاند .. پاشان لیبییەکان بەو هەواڵە بەئاگاهاتنەوە، کە ئەسڵەن شتێک نییە بە ناوی دەستەی وەبەرهێنان.! تەنانەت گەندەڵەکان نۆڕینگەیەکیان نەکردبووەوە یان تابلۆیەکیان بۆ کۆمپانیایەکی وەهمی دروستنەکردبوو .. تەنیا سەر کاغەز بوو .. لەسەر ئەو کاغەزەش (١٤) ملیار دۆلار چوو بۆ گیرفانی گەندەڵەکان .. لە ساڵی (٢٠٢٥)ـدا بەشێک لە دراوی لیبی لە ڕووسیا لەسەر دەستی حکومەتەکەی حەفتەر چاپدەکرا .. واتە جێی متمانە بوو؟ نەخێر .. چونکە لەناکاو بانکی ناوەندی بڕیاریدا کاغەزی (٥٠) دیناری لە بازاڕ بکشێنێتەوە .. بۆچیی؟ چونکە بۆیان دەرکەوت، کە بڕی (٣.٥) ملیار دینار لە بازاڕدا هەیە و بانکانەکان وەریانگرتووە و خەڵکی پاشەکەوتی کردووە، کەچی ئەسڵەن دراوێکی ساختە بوو.! پاشان فەزیحەکە گەورەتر بوو و بۆیان دەرکەوت دراوی (٢٠) دیناریش ساختەیە .. ئەمە گاڵتەجاڕییەکە لە هیچ وڵاتێکی تری سەر زەوی ڕوونادات .. کەمێک ڕاوەستە .. چیرۆکەکە هێشتا خراپتر دەبێت..
نرخی لیترێک بەنزین لە لیبیا چەندە؟ یەکێکە لە هەرزانترینەکانی جیهان .. (٠.٠٣) دۆلار .. ئایا دانیشتووانی لیبیا چێژی لێدەبینن؟ نەخێر .. چونکە باندی زەبەلاح هەن، کە (٤٠٪)ی سووتەمەنیی لیبیا بۆ پێنج وڵات قاچاخدەکەن و سوود لە جیاوازیی نرخەکە دەبینن .. لیترە پاڵپشتیکراوەکە بە پارەی خەڵکی لیبیا وەردەگرن و لە تونس و چاد و تا دەگاتە کەناراوەکانی ئەوروپا بە دەیان هێندەی نرخەکەی دەیفرۆشنەوە .. ساڵانە (٧) ملیار دۆلار لە سووتەمەنیی لیبیا قاچاخدەکرێت .. دەزانی .. تەنیا کەرتی کارەبا لە لیبیا وا بڕیار بووە بەپێی وتەی حکومەتی ڕۆژئاوای لیبیا نزیکەی (٢٢) ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدان لێ خەرجبکرێت، لیبییەکانیش بڕوایان کرد .. کەچی پشکی ئەوان (١٠) کاتژمێر بڕانی کارەبا بوو .. شێتییە .. وڵاتێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی عەرەبی لە سەرچاوەی وزەدا، کارەبای نییە .. وڵاتێک (٤٠٪)ی بەرهەمی نیشتمانیی لە گەندەڵیدا بەفیڕۆ دەچێت .. وڵاتێک، کە دەکرا بەهەشتی سەرزەوی بێت و کۆتاییەکەی بوو بەوەی دابەشبێت لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، تەرابلوس و بەنگازی .. هەردوولاش یەکتری بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن .. (٤٧) ملیار دۆلار گەندەڵیی ڕۆژئاوای لیبیا لە یەکساڵدا و (١٦٠) ملیار دۆلار گەندەڵیی ڕۆژهەڵات لە ماوەی (٣) ساڵدا .. هەریەکەیان تۆمەتەکە دەخاتەملی ئەویتر و شانازی بەوەوە دەکات کێ کەمتر گەندەڵە .. وڵاتێک لە نێوان دوو حکومەت و دوو سوپادا پارچەپارچە بووە .. ئەی چۆن دەستپاکی دەبێت .. چۆن گەندەڵی نابێت؟ زیانی لیبیا .. زیانێکی زۆر گەورەیە ..
ئەمڕۆ گەنجانی لیبیا هەوڵی چاککردنی دۆخەکە دەدەن .. ڕێگاکانیان داخست و وەزارەتی دەرەوەیان پەکخست و ڕێگرییان لە فەرمانبەرانی حکومەت کرد بچنەسەر کارەکانیان .. بە ڕاستی ئەمانە پاڵەوانن .. هەر کاتێک بارودۆخەکە خراپ بێت، ئەم گەنجانە لاوازترین لایەن دەبن لە بەرامبەر باندە زۆر دڕندەکاندا .. گەنجانی لیبیا لێرەدا تەنیا تەحەدای حکومەتێکی گەندەڵ یان چینە دەوڵەمەندە ئاساییەکان ناکەن .. نەخێر .. بە سنگێکی ڕووتەوە لەبەردەم گەندەڵییەکدا وەستاون، کە بە زەبری چەک پارێزراوە .. لەبەردەم (٣٠٠) بانددا وەستاون، کە خاوەنی (٢٩) ملیۆن پارچە چەک و کۆگایەکی گەورەی مووشەک و ڕاجیمەن .. بۆ ئەوان زۆر گرنگە لیبیا بە وڵاتێکی گەندەڵ بمێنێتەوە، چونکە ساڵانە داهاتەکەی لە گیرفانی ئەواندا دەگاتە دەیان ملیار دۆلار .. هیوای سەلامەتییان بۆ دەخوازین .. چونکە بەداخێکی زۆرەوە، وەک عادەتی نەتەوە عەرەبەکان .. ستەمکارێک دەڕوات و هەزاران ستەمکاری تر جێگەی دەگرنەوە .. هەر کە خەڵکی دڵیان بەوە خۆشدەبێت کە وڵات بووەتە هی خۆیان، زەویی ژێر پێیان دەبێتە ئاگر .. ئەمە عادەتی عەرەبە و هیچ شتێکی نوێ نییە .. گەلی لیبیاش، کە نموونەی کەرامەت و جوامێری و بەخشندەیین، هەرگیز شایستەی ئەم چارەنووسە نین.!
- وەرگێڕان لە عەبدە فەیاد- ڕۆژنامەنووس.