دواین هەواڵ

جیهان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی سینتکۆم: تاران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز ناکات و هێزەکانمان یارمەتیی کەشتییەکان دەدەن

هەرێم نیوز

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سینتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران و پاراستنی کەشتییە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز، و جەختی لەوەش کردەوە کە تاران کۆنترۆڵی ئەو گەرووە نێودەوڵەتییە ناکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 7ـی 2026، تێمۆسی هۆکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین سوپایە لە جیهاندا و ئەم توانایەش لە ئێستادا لە ئێران ڕەنگیداوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمریکا یارمەتیی کەشتییە بازرگانییەکان دەدەن بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز، و ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر ئەو گەرووەدا نییە.

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی تواناکانی ئەو وڵاتە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران هێرش دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییە مەدەنییەکان، و هێزەکانی ئەمریکاش بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە دژی هەر هێرشێکی تاران بۆ سەر هاووڵاتییان و کەشتییە مەدەنییەکان، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە سوپای ئەمریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانییەوە لە ناوچەکەدا بەهێزتر بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP