دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا ئەفەندی: هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی 10 وڵاتی پێشەنگی جیهاندایە لە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیدا

هەرێم نیوز

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سایەی شۆڕشی دیجیتاڵیی کابینەی نۆیەمدا، هەرێمی کوردستان چووەتە ڕیزی ئەو 10 وڵاتەی جیهان کە پێشەنگن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیدا، ئاشکراشی کرد کە سیستەمە نوێیەکان متمانەی تەواوی حکوومەتی فیدراڵیان بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی 7ـی 2026، هیوا ئەفەندی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی کوردستان24ـدا نەخشەی وەرچەرخانە دیجیتاڵییەکانی کابینەی نۆیەمی خستەڕوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "کەی ئاڕ دی پاس" (KRD-Pass)ـەوە، خزمەتگوزارییەکان گواستراونەتەوە بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییان و تا ئێستا 700 هەزار کەس لەو ئەپڵیکەیشنەدا خۆیان تۆمار کردووە، هەروەها لە دوو هەفتەی داهاتوودا هاووڵاتییانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری جەختی لە سەرکەوتنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" و تۆماری دیجیتاڵیی کۆمپانیاکان کردەوە، کە بوونەتە هۆی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشە دارایی و کارگێڕییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕێگەی سیستەمی پێرۆڵەوە، حکوومەت بە وردی داهات و خەرجییەکان دەزانێت، لە کاتێکدا عێراق هێشتا بە وەرەقە مامەڵە دەکات. هاوکات باسی لە پڕۆژەی "هەژماری من" کرد کە تا ئێستا 887 هەزار کارت بە بەشداربووان دراوەتەوە.

ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە کە لە ساڵی 2019 بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەستی پێکردووە، تا ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسی کردووەتە خاوەنی پێناسەی دیجیتاڵی. سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو، ناوبراو ئاشکرای کرد کە کار لەسەر پڕۆژەی "خاوەن" بۆ دیجیتاڵکردنی سیستەمی خانووبەرە، هەروەها سیستەمی باج و نەهێشتنی کاغەز لە دامەزراوەکاندا دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP