دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاماری فەرمیی بەریتانیا: ناوی "موحەمەد" بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک لە پێشەنگی ناوی کوڕاندایە

هەرێم نیوز

داتا نوێیەکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا (ONS) ئاشکرایان کردووە، کە ناوی "موحەمەد" (Muhammad) بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک، لە پلەی یەکەمی ئەو ناوانەدا دێت کە زۆرترین بەکارهێنانیان بۆ منداڵانی تازەلەدایکبووی ڕەگەزی نێر لە ئینگلتەرا و وێڵز هەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی ئاماری بەریتانیا، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٥)، ناوی "موحەمەد" لەسەر ٥,٩٥٧ منداڵ نراوە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادبوونی ٢٣٦ منداڵی بەخۆوە بینیوە و بە جیاوازیی نزیکەی دوو هەزار منداڵ پێش ناوی "نوح" کەوتووە کە لە پلەی دووەمی لیستەکەدا دێت.

شیکاریی ئامارەکان نیشان دەدەن کە ناوی موحەمەد لە ساڵی ٢٠١٦وە لە ڕیزی ١٠ ناوی هەرە پێشەنگدایە، و لە ساڵی ١٩٩٧یشەوە هاتووەتە ناو لیستی ١٠٠ ناوی هەرە باو لە ئینگلتەرا. نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا شێوازە جیاوازەکانی نووسینی ئەم ناوە بەیەکەوە کۆناکاتەوە و هەر شێوازە و بە جیا ئەژمار دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:

شێوازی “Muhammad”: زۆرترین ناوبانگ و شەقڵیی هەیە (زیاتر لەناو ڕەوەندی پاکیستانیدا بڵاوە).

شێوازی “Mohammad”: لە پلەی ٢٠ەمی لیستەکەدا دێت.

شێوازی “Mohamed”: لە پلەی ٥٥ەمی لیستی ١٠٠ ناوی هەرە باودا هاتووە.

شێوازی “Mohamad”: زیاتر لەناو ڕەوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باوە.

نووسینگەی ئاماری نیشتمانی پێشتر ڕوونی کردووەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دەنگدانەوەیە بۆ گەشەکردنی ژمارەی کۆمەڵگەی موسڵمانان لە بەریتانیا دەگەڕێتەوە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس (واتە نزیکەی 6%ی کۆی دانیشتووانی شانشینی یەکگرتوو).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP